Episodes

Tuesday Apr 01, 2025
Tuesday Apr 01, 2025
کاتێک تازەلاوێک بووم، لە تەلەڤزیۆنەوە زنجیرەفیلمێک بڵاو دەبووەوە به ناو ئەبووعەلی سینا، لە نووسین و دەرهێنانی کەیهان ڕەهگوزار. تەمەنم کەم بوو، بەڵام کەیفم پێی هاتبوو. ئێستاش هەر پێم وایە فیلمێکی باش و سەرنجڕاکێشە. هەر لەو سەردەمەدا چەندین جار ناوی مامۆستا هەژارم وەک شاعیرێکی ناوداری کورد بیستبوو. ڕۆژێک به هەڵکەوت لە نێو کتێبخانەی ماڵێدا و لە نێوان کتێە فارسییەکاندا چاوم به کۆمەڵێک کتێبی بەرگ ڕەشی گالینگۆر کەوت که ناوی مامۆستا هەژاریان لە سەر
نووسرابوو. دەستم دا کتێبەکە و چاوێکم پێدا خشاند. پێم سەیر بوو. لە سەری نووسرابوو «قانون در طب»، نووسینی ئەبووعەلی سینا، وەرگێڕانی عەبدولڕەحمان شەڕەفکەندی، هەژار. چاپەمەنیی سرووش. هەڵبەت دیارە ئەمانە به فارسی نووسرابوون. به سەرسوڕمان و ئیشتیاقەوە بەرگەکەم هەڵداوە و چوومە سەر پێشەکییەکەی. پێم سەیر بوو، مادام شاعیرێکی کوردە، چۆنه کتێبێکی ئاوا و لەو بوارەیدا وەرگێڕاوە؟! کتێبێک له بواری تیب و پزیشکیدا و ئەویش لە عەرەبییەوە بۆ فارسی؟!
من پەیام حیسامیم و لەم بەشەدا دەمەوێ چیرۆکی وەرگێڕانی کتێبی قانوون لە تیبی ئەبووعەلی سیناتان بۆ باس بکەم که چۆن لە لایەن هەژار، شاعیر و نووسەری کوردەوە وەرگێڕدرا. لەگەڵم بن.
کتێبەکەم کردەوە و دەستم کرد به خوێندنەوە. با ئاماژه بەوە بکەم قانونی ئەیبنی سینا سەرجەم پێنج بەرگه. لە سەرەتادا ئاماژە کرابوو که بەرگی یەکەمی کتێبەکە لە لایەن چاپەمەنیی زانکۆی تارانەوە چاپ کراوە، بەڵام گوایە کێشەیەک لە نێوان وەرگێڕ و چاپەمەنیدا ڕووی دابوو که درێژەی نەدابوو و ئێستا چاپەمەنیی سروش جێگەی
گرتبووەوە. که ئەم بەشەم خوێندەوە، هان درام درێژه به خوێندنەوەی کتێبەکە بدەم.
ئەمڕۆکه ناوی ئەبووعەلی سینا بۆ خەڵک تەنیا ناوێکی ئاشنایە، بەڵام زانیارییان لە سەری کەمە. شێخولڕەئیس ئەبووعەلی حوسێنی کوڕی عەبدوڵڵا کوڕی سینا، فیلسووف، زانا و تەبیبی ناودارە که پاش سەدان ساڵ هێشتا ناوبانگی لە نێو کۆڕە
زانستییەکاندا ماوە. زانایەکی بێوێنه به ١٣١ بەرهەمی ڕەسەن و ١١١ بەرهەمی خراوە پاڵەوە. هەڵبەت ئیبنی سینا زیاتر به دوو بەرهەمی ناودارییەوە ناسراوە، واتە شیفا و قانوون. ڕەنگه لەبەر ئەوەی باوباپیرانمان سەدان ساڵ کەڵکیان لەو ڕێنمایی و زانستە
پزیشکییانە وەرگرتبێ که لەم دوو کتێبەدا باس کراون. بەڵام پتر لە بەرهەمەکانی، تەنیا ناوی ئەم زانایە بۆ گوێمان ئاشنایە و ئەوەش چونکه ئەوکات زمانی زانست لە ناوچەکەدا عەرەبی بووە و بەرهەمەکانی به عەرەبی نووسراون، هەرچەند هەر ئەوکاتیش هەندێکیان به زمانەکانی دیکه وەک لاتین و ئینگلیزی وەرگێڕدران و سەدان ساڵ لە خوێندنگه و زانکۆ باڵاکانی ئورووپادا لێکۆڵینەوەیان لە سەر کراوە و بێگومان یەک لە بناغەکانی دامەزرانی هەندێ له زانستە نوێیەکانن. بەڵام ئەوە سەیر بوو که کتێبی قانوون تەنیا هەندێ وەرگێڕانی ناتەواو و کۆمەڵێک تەفسیری هەیە و قەت به تەواوی وەرنەگێڕدرابوو. چاپەمەنیی سروش لە وەرگێڕانی بەرگی یەکەمدا ئاماژەی بەم بابەتە کردووە و دەڵێ: «بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی نوسخەیەک بۆ وەرگێڕان، چەندین نوسخەمان تاوتوێ کردووە. بەداخەوە نوسخەکان جیاوازییان زۆرە و نوسخە ئینگلیزییەکەش تەنیا بەرگی یەکەمە و ئەویش تەواو جیاوازە. بۆیە به ناچار یەک لە بەناوبانگترینەکان واتە نوسخەی قانوون لە تیبی بولاقمان هەڵبژاردووە هەتا ڕاستکردنەوە و لێکدانەوە و وەرگێڕانی بۆ بکرێ. لە هەرکوێش جیاوازییەکی زۆر لە نێوان نوسخەکاندا بووبێ، لە پەراوێزدا ئاماژەمان پێ کردووە.»
بەڵێ، سەرنجام پاش هەزار ساڵ، یەکەم جار هەژار کتێبەکە لە لایەن چاپەمەنیی زانکۆی تارانەوە وەردەگێڕێ. وەرگێڕانەکە خێرا سەرنجێکی زۆر ڕادەکێشی و پێشوازییەکی وای لێ دەکرێ که پاش ماوەیەکی کەم ئیدی دەست ناکەوێ. بەڵام سەیر ئەوەیە له سەرەتای کتێبەکەدا، پێشەکیی وەرگێڕی تێدا نییە. وەرگێڕێک که قۆڵی لە کارێک هەڵماڵیوە کەسی دی غیرەتی نەکردووە خۆی لێ بدا. بەڵگەش بۆ ڕەفتاری نادروست و موغریزانەی چاپەمەنیی زانکۆی تاران هەر ئەمە که چیدی عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی درێژه به هاوکاریی زانکۆی تاران نادا و بۆ درێژەی کارەکە لەگەڵ چاپەمەنیی سرووش ڕێک دەکەوێ. بە پێی ڕێککەوتنەکە، چاپەمەنیی سرووش داوا لە
هەژار دەکا درێژه به کارەکەی بدا و دەست بکا به وەرگێڕانی بەرگی دووهەمیش. ئەمەی ئێستا دەیبیستن، بەشێکە لە پێشەکیی کتێبەکە که لە لایەن دەزگای سرووشەوە چاپ کراوە: «هەر لە یەکەم مانگەکانی پاش بڵاوبوونەوەی بەرگی یەکەمی کتێبەکە، هەموو نوسخەکان فرۆشران و کەچی چاپەمەنیی زانکۆی تاران هیچ هەوڵێکی بۆ چاپی دووبارە نەدا. داوای خوێنەران بۆ چاپی بەرگی دووهەم و هەروەها پێویستیی چاپی دووهەمی بەرگی یەکەم و هیوا بۆ چاپی سەرجەم بەرگەکانی کتێبەکە، وای کرد کارگێڕان و
بەڕێوەبەرانی چاپەمەنیی سرووش به جۆشوخرۆشەوە هەوڵ بۆ ئەنجامی ئەم کارە بدەن. بەم شێوەیە ئێستا بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەرگێڕ و لابردنی بەربەست و گرفتەکانی دیکه، چاپی دووەمی بەرگی یەکەمی کتێبەکە به هەندێ شرۆڤه و بەشی زیادکراوەوە
پێشکەش به توێژەران و خوێنەران دەکەین.» جێی سەرنجە که دیسان و ئەمجارە لە چاپی سرووشیشدا هیچ پێشەکییەکی وەرگێڕ نابینین، تەنیا پێشەکیی چاپەمەنییەکان هەیە! بۆ دەبێ کتێبێک که به هۆی دژواری و چەتوونیی وەرگێران، پاش هەزار ساڵ کەسێک توانیویە وەرگێڕانێکی گونجاو و باشی بۆ بکا، هیچ دەستنووس یا پێشەکییەکی وەرگێڕەکەی لەگەڵ نەبێ؟ لە بەرگی دووەمی قانوون لە تیبدا که دواتر چاپ دەکرێ، وەرگێڕ واتە هەژار به سەردڕێکی به تانەوتەشەرەوە گرێی مەسەلەکەمان بۆ دەکاتەوە. ئەمە دەقی پێشەکییەکەی هەژارە کە کردوومانەتە کوردی:
موقەددەمەیەک که بوو به موئەخەرە
پەروەردگار وای موقەددەر کردبوو که به تاوانی دژایەتیی ڕەگەزپەرستی لە ئێرانی ڕەزاخانی ڕابکەم و ساڵانی گەنجێتیم له بەغدا و وڵاتانی عەرەبیی دیکه به سەر بەرم و
لە سەردەمی بەساڵاچووییدا دیسان به هەمان تاوان ناچار بووم له ستەمی سەددام و حکوومتی بەعس ڕابکەم و پێچەوانەی مەیلی خۆم لە ساڵی ١٣54دا بگەڕێمەوە ئێران و تووشی دەردی بێکاری و سووڕانەوە بێرەوبەوێدا بم. قسە و قەول زۆر بوون و کردەوە کەم.(لەو سەردەمەدا هەژار کێشەی ماددیی هەبوو و دۆستان و هاوڕێیانی ئەم ئیمکانەیان بۆ ڕەخساند که کەڵک لە کتێبخانەی زانکۆی تاران وەرگرێ.) تا ڕۆژێک
که چارەنووس تووشی چاپەمەنیی زانکۆی تارانی کردم. سەرپەرستی چاپەمەنییەکە، مامۆستا بەهرام فەرەوەشی پێشنیاری پێ کردم کتێبی قانون لە تیبی ئەبووعەلی سینا بکەمە فارسی. (گوایە پاش ئەوەی هەندێ لە ئاشنایانی هەژار هەوڵ دەدەن زانکۆی تاران کارێک بۆ هەژار بڕەخسێنێ، بەڕێوەبەرانی زانکۆکە بۆ ئەوەی ئەرکەکە لە یەخەی خۆیان بکەنەوە، هەوڵ دەدن پێشنیاری کارێکی پێ بکەن که به ڕای خۆیان وا بووە زۆر قورسە و بۆی ئەنجام نادرێ و بەم شێوەیە خۆ لە مەسەلەکە دەرهاوێژن.) سەرسام بووم به بەختم که چۆن تووشی ئەمە ببووم. قانوونی ئیبنی سینا تەمەنی نووحی هەیە! لە عەرەبییەوە کراوەتە لاتین و ئینگلیزی، بەڵام چۆنه هیشتا نەکراوەتە فارسی کە زمانی خودی نووسەرە؟ پاشان، بۆچی ئەم کارە به ناوی من دەرچووە؟ دواجار لەگەڵ خوێندنەوەی یەکەم ڕستەکانی کتێبەکە تا ڕادەیەک بە وەڵامی پرسیارەکەم گەیشتم و هەرچۆنێکی بێ به جۆش و حەزێکی زێدەوە دەستم کرد به وەرگێڕان و لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا وەرگێڕانی بەرگی یەکەمی کتێبی قانوونم کۆتایی پێ هێنا و به پێی ڕێککەوتنێک که لەگەڵ چاپەمەنیدا هەمبوو پێشەکییەکی
موختەسەر و کورتم بۆ نووسی که ناوەرۆکەکەی به گشتی ئەمە بوو من هیچ شارەزاییەکم لە زانستی تیبدا نییە تا پەی به ئاستی بەهرە و توانای ئیبنی سینا لەم پیشە پیرۆزەدا ببەم، بەڵام لە ڕەوتی وەرگێڕانی قانووندا هەندێ بابەت سەرنجیان ڕاکێشام و
بۆم بوونە پرسیار که بەم شێوەیەن: خەون پێش و پاش شێخولڕەئیس، توێژەر و دەروونناسانی جیهان سەبارەت به سەرچاوەی خەون گەلێک لێکۆڵینەوەیان کردووە و هەندێ ڕاوبۆچوونی جیاواز و پتر دژوازیان دەربڕیوە و تا ئەمڕۆکه لێکدانەوەیەکی ڕوونیان لە سەر ئەم بابەتە پێشکەش نەکردووە. شێخولڕەئیس به دڵنیاییەوە خەونی به کاردانەوەی سروشت و میزاجی مرۆڤ داناوە و لە ڕێگەی خەونی نەخۆشەکانەوە پەی به گرفت و ناجێگیریی میزاجیان بردووە و چارەسەریی کردوون. لە هەندێ شوینی کتێبەکەدا دەخوێنینەوە که ئەگەر به ڕێژەیەکی زۆر کەسێک لە دانەوێڵە یا گیایەکی دیاریکراو بخوا، خەونی ناخۆش یا خۆش دەبینێ. ئاخۆ زاناکان و دەروونناسان ئەم بیرۆکەیەیان بیستووە و هەڵیانسەنگاندووە و لە بەر چاویان نەگرتووە، یا نەیاندیتووە و نەیانبیستووە؟
وەرزش شاعیر و عاڕفی ناوداری کورد، مەولەویی تاوەگۆزی شێعرێکی ناسکی هەیە که
ڕەمەزان تلۆع سوبحی شادیشەن
شەوال شامی شووم نامرادیشەندەردینە شەوال، ئای زام سەختە منتاڵە شووم شەوال، ئای بەد بەختە منغوڕە، غوڕەی ئەو، سەفاش پەی غەیریئازیز قیبلەی من، وەفاش پەی غەیریبەڕاستی که وەرزشیش هاودەردی سێهەمی ئەم جووتەیە. زۆر لەوانەی ئەمڕۆکه به وەرزشی ژاپۆنی و سویسی و ... ناسراون، لە داهێنانەکانی شێخولڕەئیسن که هەزار ساڵ لە کتێبەکەیدا شیی کردوونەتەوە. جێی خۆی بوو یەخەی دز بگرین و بڵێین ئەم
وەرزشە جۆراوجۆرانه داهێنانی زانایەکی هەڵکەوتەی موسڵمانن. با غەڕە بگەڕێنینەوە بۆ شواڵ و، ئەم وەرزشانه به وەرزشی سینایی ناودێر بکەین.
وشە تایبەتەکانی ئیبنی سینا لە دەقی عەرەبیی کتێبەکەدا چاوم به هەندێ وشە و دەستەواژە کەوت که لەو زمانەدا باو نین، کەچی وەرگێڕانی ئەم وشە و دەستەواژانه لە زمانی کوردیدا تەواو باوە و لە کار دەکرێن. بۆ نموونە دەستەواژەی «علی الراس» لە عەرەبیدا به واتای «لە سەر»ە، کەچی نووسەر لەجیاتی وشەی وەک «ایضا»، «اکرر» و «استانف» کەڵکی لێ وەرگرتووە که باو نییە، لە کاتێکدا کورد دەڵێ «لەسەرڕا».
به جێی وشەی وەک «اضن» و «اعتقد» که به واتای «بڕوام وایە» و «پێموایە»ن، وشەی «یشبه»ی به کار هێناوە، وەک کورد کە دەڵێ «وێدەچێ». به جێی «فیالفور»، «آنا» و «ساعتا»، وشەی «فیالمکان»ی به کار بردووە که کوردیش دەڵێ
«لەجێ.» لەم جۆرە وشە و دەستەواژانە که بەکارهێنانیان بەو شێوەیە تایبەتی زمانی کوردین و لە عەرەبیدا نامۆن، زۆر بەرچاو دەکەوێ. ئاخۆ شێخولڕەئیس لەو ماوە کەمەدا که لە هەمەدان بووە و نەخۆشی کورد سەردانیان کردووە وا به زمانی کوردی ئاشنا بووە و هاتووەتە مێشکییەوە به شێوەیەک که له نووسینە عەرەبییەکانیدا لە داڕشتنی کوردی کەڵک وەرگرێ؟ نادیارە. هەر ئەم پێشەکییە کورتە بوو که خودالێخۆشبوو حوسێن عیرفانی قەڵەمی سووری به سەر زۆربەی بەشەکانی بەتایبەت بابەتەکانی کۆتاییدا هێنا و پێشەکییەکەم وەک شێری بێ یاڵ و کلکی لێ هات و وا بەم ڕووداوە دڵگران بووم که چیدی مەیلم بۆ درێژەدانی کارەکە نەما و دەستم هەڵگرت. وەک مەولانا دەڵێ، «مهلتی بایست تا خون شیر شد.» ئێستاش به هاندان و پاڵپشتیی دەستەی چالاکییە فەرهەنگییەکانی توێژینەوەی ئێران و به هاوکاریی چاپەمەنیی سرووش، بەرگی دووهەمی کتێبەکە پێشکەش خوێنەرانی هێژا دەکەم، بەو هیوایەی جێی ڕەزامەندی بێ و سەرنج ڕاکێشێ. لێرەدا به پێویستی دەزانم سپاسی ئەو هاوڕێ فەرهەنگدۆست و بەڕێزانه بکەم که لە ڕەوتی وەرگێڕان تا بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە لە سەرەتا تا کۆتایی ماندوو بوون و کاتیان تەرخان کردووە.
عەبدوڕەحمان شەڕەفکەندی (هەژار) - ١٣٦١.١٢.٩
کەواتە گرێی نەبوونی پێشەکی کرایەوە: ناکۆکی و قەبووڵنەکردنی وتەکانی وەرگێڕ لە لایەن چاپەمەنیی یەکەم واتە زانکۆی تارانەوە. بەڵام کتێبەکە پێشوازییەکی بەرچاوی لێ دەکرێ و هەر چاپێک پێنج هەزار ئەژماری لێ چاپ دەبێ و دەڕوا بۆ چاپی سێهەم و چوارەم. هەر ئەم پێشەکییە کورتە هەستیارییەک لەو کەسانەدا ساز دەکا کتێبەکە دەخوێننەوە. گلەیی و سکاڵا پەرە دەستێنێ، تا ئەوەی که وەرگێڕ له بەرگی سێهەمدا پێشەکییەکی درێژتر زیاد دەکا. لێرەدایە که کتێبەکە پێشوازییەکی زۆری لێ دەکرێ، کتێبێک به وەرگێڕانی ڕەوان و سادە به نیسبەت وەرگێڕانەکانی پێشوو و هەڵبەت تاکه وەرگێڕانی تەواوی سەرجەم بەرگەکانی کێبەکە. ئەم سەرکەوتنه دوو هۆکاری هەیە، یەکەمیان هۆش و بیری هەژار و دووهەمیان ئەزموونی ژیان لە شوێنه جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێوەندی به خەڵکی کۆڵان و بازاڕ که وای کرد هەژار نەک هەر زمانی عەرەبی، بگرە زاراوە و بنەزاراوەکانی عەرەبیش فێر بێ. هەژار خۆی ئاماژەیەکی کورت به ژیانی پڕ لە هەوراز و نشێوی دەکا:
«خوێنەری زانستخواز
دڵخۆشم که بۆ سێهەم جار لە سەر لاپەڕەکانی کتێبی قانوون لە تیبی شێخولڕەئیس ئیبنیسینا دەگەینەوە یەکتر. لێرەدا مەبەستمه ئێوەی ئازیز به کورتەیەک له چیرۆکی وەرگێڕانی قانوون سەرگەرم بکەم. ساڵی 57 کتێبی یەکەم بڵاو کرایەوە. چاوم زیت و گوێم قوڵاغ کرد که کاردانەوەی هاووڵاتییە زانستخوازەکان ببینم یا ببیستم. مامۆستا محەممەد موحیتی تەباتەبایی تاکە کەس بوو که لە توێی وتارێکدا سەبارەت به شێخولڕەئیس فەرمووی یەک لە کوردانی عەراق کتێبی قانوونی وەرگێڕاوە و بە دڵمه... که ئەگەر وتبایەی کوردێک له ئێرانەوە، دروستتر بوو. جگه لەمە، لە هیچ لایەکەوە نە پێداهەڵگوتن و ئافەرەمێکم بیستەوە و نە نەفرەت و ڕەخنەیەک و ئەم سەرنجنەدانەم لە سەر حیسێبی بێبایەخیی کارەکەم دانا و تا ڕادەیەک مۆتەکەی بێهیوایی بەر چاومی گرت، بەڵام بەختەوەرانە پاش چاپی کتێبی دووهەم لە لایەن چاپەمەنیی سرووشەوە بارەکە گۆڕا و جەستەی هیوا هێزێکی هاتەوە بەر هەناوی. هەندێ نامە لە هاووڵاتیانەوە ڕاستەوخۆ بۆ خۆم و ناڕاستەوخۆ بۆ چاپەمەنیی سرووش هات و هەندێ قسەوباس سەبارەت به هەڵسەنگاندن و تاوتوێی وەرگێڕانەکە هاتە ئاراوە که زۆرینەیان ئافەرەم و دەربڕینی لوتف و پێزانین بوو و لە نێو نامەکاندا هەموو جۆرە ڕەخنەیەک له ئەرێنی و نەرێنی دەدیترا. بەڕێوەبەرایەتیی چاپەمەنیی زانکۆی تاران پێوەندیی پێوە کردم و وتیان کتێبی یەکەم دەست ناکەوێ و پێویست به چاپی دووبارەیە و منیش کورد وتەنی زارم به شیر سووتابوو و فووم لە دۆش دەکرد، هەقی چاپی دووبارەم بەخشییە چاپەمەنیی
سرووش.
کەیهانی فەرهەنگی چەند دێڕێکی سەبارەت به کارەکە نووسی و به بەرهەمێکی گونجاوی دانا. ئەوانەی دەستیان به کتێبەکە ڕاگەیشتبوو هەرکام به پێی نیاز و دەرکی خۆیان کتێبەکەیان هەڵسەنگاندبوو و دڵشادم که خوێندوویانەتەوە و ڕای خۆیان پێ گەیاندووین. هەندێ به دوکتۆر ناویان بردبووم و پرسیبوویان دەرچووی کام زانکۆم؟ دەمانەوێ خۆت بناسێنی. کێی؟ خەڵکی کوێی؟ تەنانەت هەندێ تەمەنیان پرسیبوو. عەربی لە کوێ فێر بوویی؟ بۆ ناوی دەواکانت به پێی پیتەکانی ئەبجەد ڕیز کردووە؟ بۆچی وشەی «به کار بێنن» واتە «ئیستعمال بکەنت» به کار بردووە کە نادیارە و شیت نەکرووەتەوە که دەواکە دەبێ بخورێ یا لە سەر پێست دابنرێ یا بپڕژێ یا داماڵدرێ؟ بۆچی پاش هەزار ساڵ تۆ بیرت لە وەرگێڕانی ئەم بەرهەمەی شێخولڕەئیس کردووەتەوە؟ بۆچی زانایان و بەهرەدارانی ڕابردوو و یا ئەوانەی دیکەی هێشتا لە ژیاندان ئەم کارەیان نەکردووە؟ گەلێک پرسیاری دیکەی لەم شێوەیە به دوای یەکدا
هاتن و عەرەب وتەنی، «و هلم جرا»، واتە بەم شێوەیە. لە شەرعی ئیسلامدا سڵاو سوننەتە و وەڵامی سڵاو، واجب. پێویستە وەڵامی خوێنەرانی هێژا بدەمەوە. ئەگەر لە وەڵامدا درێژەدادڕیم کردبایە، جگه لەوەی دەبووە هۆی ماندووبوونی پرسیارکەران، دەبووایە دەفتەرێکیش بۆ ئەم مەبەستە تەرخان بکەم و چون ئەم هەموو توولوتەفسیرە لێرەدا سەر ناگرێ، ناچار موختەسەرێک لەم باسە درێژه دەگەیێنمە خزمەتتان و داوای لێبووردن دەکەم ئەگەر سەرتان دێشێنم.
ئەوی لە من ڕووی دا، لە کافریش ڕوو نەدا. لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٠٠ی هەتاویدا پێم نایە ئەم جیهانە پڕمەینەتەوە. هێشتا منداڵ بووم، باوکم لە ترسی کڵاودانانی پەهلەوی بارگەوبنەی پێچایەوە و له مەهابادەوە چووینه گوندێکی دوورکەوتووی دەوروبەری شاری بۆکان. لەو ناوچەیەدا نزیکترین قوتابخانەی حکوومی چەندین کیلۆمەتر لە گوندەکەمانەوە دوور بوو و ئەویش جگه لە منداڵی ئەربابە دەوڵەمەندەکان، کەسی دیکه توانای چوونی نەبوو. به لای ئەوانەوە سەواد و خوێندەواری شتێکی ناسەرەکی و سەرگەرمی بوو و هەڵبەت ئەگەر نزیکیش بووایە، باوک قوتابخانەی پێ
کوفرخانه بوو و منداڵی نەدەنارد. ئێمەی چینی گوندنشینی دەستتەنگ و هەژار وشەی کتێب بە لامانەوە ئەفسانه بوو و خوێندنەوە و خوێندەواری بۆمان شتێکی غەریب و وەک شێخ ڕەزای تاڵەبانی فەرموویە، پڵاوی خانەقا بوو. بەڵام بەختەوەرانە بنەماڵەی ئێمه لەمەدا جیاواز هەڵکەوتبوو. باوکم پیاوێکی ئایینی بوو و لە زانستی عەرەبیدا لێهاتووییەکی باڵای هەبوو و لە سەر بژیوی ماندووبوونی خۆی دەژیا و خەریک کشتوکاڵ بوو. وەک عەرەب وتوویە، جووجکه قاز دەبێ فێری مەلە بێ، باوکم کوڕەکانی دەرس دەدا که ئێمەش ببینه مەلا و فەقێ. کورتەیەکم لە بنەماکانی زمانی عەرەبی لای باوکم فێر بووم و پاشان ناردمی بۆ قوتابخانەی ئایینی که لە مزگەوتەکان بەڕێوە دەچوو. ئەوکات وا باو بوو که لە مەودای ڕۆژێک یا چەند ڕۆژ ڕێگەدا و لە گوندێکی گەورەدا چەند
فەقێیەک سەریان وەبەر خوێندن دەنا. هەڵبەت لاتان وا نەبێ ئەم خوێندنگانەی کوردستان له ژێر چاودێریی دەوڵەتدا و به بوودجەی تەرخانکراوی حکوومەت دابین دەکران، نەخێر؛ لە سەدان ساڵ لەوەوبەرەوە و تا کۆتاییهاتنی سیستەمی پادشایەتی کورد و کوردستان باجی داوە به حکوومەت و سمێڵی مەئموورانی چەور کردووە و قەتیش
هیچی لە بەرانبەردا وەرنەگرتووەتەوە. کوردی هەردەم ڕاونراو بۆ شوێنێک، دوور لە پێتەخت و چاولەدەست. دەسەڵاتداران تەنیا ئەو کاتانە بیری کورد هاتوونەوە که بەرەو سەنگەرەکانی شەڕ تەیاریان کردوون و به کوشتیان داون. گشت ئەم هۆکارانه له ڕەگەزپەرستی و جیاوازیی ئایینی و تواندنەوەی زمان و فەرهەنگ ببوونه هۆی چارەڕەشیی کورد و یەخەی ئەم نەتەوەیەیان گرتبوو و ڕزگاری چەتوون بوو. به درێژایی سەدان ساڵ حکوومەتی ستەمکاری پادشایەتی، له هەر شوێنێکی کوردستان چەندین ئیدارەی وەرگرتنی باج و پۆلیسی بێویژدان هەبوو که به ناو ئەمنیه و زەبتیە و نەزمیه و پاسەوان خەریکی ترساندن و هەڕەشەوگوڕەشەی خەڵک بوون، کەچی هیچ شوێنێکت سەبارەت به پەروەردە و فێرکاری و تەندروستی و دەرمان نەدەدیت. مەلای مزگەوت که پێشنوێژ و مامۆستا و مودەڕیس بوو، لە ڕێگەی زەکاتی دانەوێڵه و بەرهەمی گوندنشینانەوە دەژیا و ئێمەی فەقێی مشەخۆر دەبووایە هەموو ڕۆژێک پاش نوێژی ئێوارە لە دەرگەی خەڵکی
موسڵمانی دێهات بدەین و به دەنگی بەرز هاوار بکەین: «ڕەحمەتی خوداتان لێ بێ، نانی فەقێ.»
بڕواتان بێ ئەگەر دەنگدانێکی ئازاد و دوور لە دەستتێوەردانی دەسەڵاتدارن لە نێو نانە کۆبووەکانماندا ئەنجام درابا، نانی هەرزن به زۆرینەی دەنگەوە و نزیکەی نەوەد و حەوت هەشت لەسەد، زۆرترین نانێک بوو دەستمان دەکەوت. نانی جۆ لە پلەی دووەمدا بوو. نانی گەنم به کەمینەیەکی یەکجار نزم دەبووایە لە سووچێکی حوجرەی فەقێیان کز دانیشێ، بەشکوو جارجار به هەڵکەوت خێرخوازێکی بەختەوەر نان و خۆرشتێکی گەرمی کردبایە بەخشش، ئەگینا نانی هەرزن و دۆی ترش یار و یاوەری هەمیشەیی و دۆست و برادەری سەر سفرەمان بوو. ئێمە که خەریک فێربوونی شەریعەت بووین، ئایەتی «کلوا و اشربوا ولا تسرفوا»مان لە بەر کردبوو و لە بەر چاومان دەگرت و سەعدی وتەنی سواڵی پاروویەک نانی خانەقامان دەکرد و ناومان نابوو مووچە و بەشەنان، هەتا بەم شێوەیە تۆزێک دڵی خۆمان بدەینەوە. وانەکانمان هەر ئەوە بوو سەدان ساڵ دەوتراوە. زەید لە عەمرۆی دا. ئەوەی لێی درا عەمرۆ بوو. لێ دەدا، لێ دەدەم، لێ دەدەی. پیاوان لێ دەدەن، ژنان لە پیاوان دەدەن. ئەوەی لێی دەدرێ مێردەکانن. مێردەکان لە منداڵەکان دەدەن. پەککوو لەو لێدان لێدانەی! فێربوونی سەرف و نەحوی عەرەبی لانیکەم دە ساڵی کات دەخایاند. هێشتا بەهاری گەنجێتیم تێ نەپەڕاندبوو و زانستێکی وا فێر نەببووم، سایەی باوکم لە سەر نەما. ئەوەی به میرات پێم گەیشت، تاریفی چاکەی و داراییەکی یەکجار کەم و دایکێکی پیر و سێ منداڵی ورد و دریشت که دەبووایە مل لەبەر ملی هەژاری و دەستتەنگی بنێم و ماڵ و منداڵ
بەخێو بکەم. بەرهەمی خوێندن ئەوە بوو که دەمتوانی بەشێک لەو کتێبانە تێ بگەم که دەمخوێندنەوە. لە هەڕەتی گەرمادا لە دەشت و مەزرا پێمەڕە و شەنە لە بن پیل و لە سەرمادا گۆچان به دەستەوە خەریک تاقەتکردنی ماڵات. ماندوو و هیلاک چەند خولەکێکم لە کاتی خەوەکەم دەدزییەوە و خەریک خوێندنەوەی کتێبەکانی باوکم دەبووم و داخم بۆ گەنجێتیم دەخوارد که خەریک بوو به فیڕۆ دەچوو. بەختەوەرانه یا بێبەختانە تەبعی شێعرم هەبوو. بوومه شاعیر و جاروبار چەند بەیتێکم به زمانی دایک واتە کوردی دەوت. نازناوی هەژارم هەڵبژارد که به واتای نەدار و دەستتەنگه. ژیانی پڕ لە مەینەت و ناخۆشی خۆمم که هەمان ژیانی ملیۆنان کوردی چەوساوەی ژێر ستەمی ڕەگەزی و ئایینی و ئەربابی بوو هێنایە توێی شێعرەکانمەوە و باباتاهیر وتەنی: بوره سوته دلان گرد هم آییم
که قدر سوته دل، دلسوته زونو کورد خۆیان لە ئاوێنەی شێعرەکانی مندا دەدیتەوە، ڕەنجیان دەچێشت و هەندێ جار به ڕێژەی چارەڕەشییەکەیان پێدەکەنین. عەرەب دەڵێ: « شر البلية ما يضحك». واتە خراپترین بەڵا ئەوەیانه که وات لێ بکا پێی پێبکەنی.
هانیان دەدام. ئافەرەم و ماشەڵڵایان بۆ دەوتم. شێعرەکانمیان لە بەر دەکرد و لە کۆڕ و مەجلیساندا دەیانوتەوە. زانایەکی عەرەب دەڵێ: «مرۆڤ دوو دەستەن، دەستەیەک له ڕۆژی ڕووندا لە خەودا و دەستەیەک لە شەوی تاریکدا بەخەبەر.» ئێمەی دەستەی ڕەنجەڕۆی به دەردی خۆمان زانیو له تاریکیی شەوەزەنگدا - وەک لە ئێوارانی سەرەتای ڕەمەزان و قورباندا چاومان دەبڕییه هیلالی مانگ - هەروا بەردەوام لەو تاریکییەدا چاوێکمان کردبووە چوار چاو و لە نێوان هەورە تارەکان و ئاسمانی چارەڕەشانی سەر زەویدا له ئەستێرەیەک دەگەڕاین، بەڵام مخابن لە حەوت ئاسماناندا تاکە ئەستێرەیەکی بەئاستەم جریوەی بێ، بەدی نەدەکرا. تینوو به هیوای چۆڕە ئاوێکەوە غارمان دەدا و لە تراویلکە زیاتر چیمان نەدەدیت، بەڵام هەر ئەم چرپە و سکاڵایانەش لە یاسایی ڕژێمی پادشایەتیدا تاوانێکی نەبەخشراو بوون. لە سایەسەری شێعرەکانمەوە تووشی بەندیخانه بووم و ئەشکەنجە و ئازارم چێشت. دواجار لە بەندیخانه دەورەدراوەکە هاتمە دەرەوە و گەڕامەوە بەندیخانەی کۆمەڵگە که گوایە شوێنێکی ئازاد بوو، کەچی لەڕاستیدا هەرچی هەبوو هەر ڕۆحی دەخوارد و هیچ ئاسوودەیی و ئاسایشێکت بەدی نەدەکرد. بۆ جاری چەندەم لە لایەن ڕژیمەوە تێم هەڵپێچرا و وەک دەڵێن کەڵەشێرێک کاتی خۆی نەخوێنێ مەحکووم به سەربڕانه، به یارمەتیی هەڤاڵان خۆم لە داوەکە دەرباز کرد و بیر فەرموودەی سەعدی کەوتمەوە کە دەڵێ: سعدیا حب وطن گر چه حدیثیست صحیح / نتوان مرد به ذلت که من اینجا زادم
لە ڕووی ناچارییەوە ڕووم کردە دەرەوەی نیشتمان و تێکەڵ خێڵی هەزاران کەسی تاراوگەنشینی ڕاکردوو لە ڕژیمی پەهلەوی بووم. لە شاری بەغدا برسی و تینوو سەرگەردان بووم. جار هەبوو دوو شەو و ڕۆژی ڕەبەق دەستم به نانی ویشکیش نەدەکەوت. ژیانی خۆش و ئاسوودەم ئەو کاتە بوو که لە کەڕەی بەیانییەوە تا تاریکانی شەو لە گەرمای پەنجا پلەدا کرێکاریم دەکرد و کوتە نان یا مستە خورمایەکم دەست دەکەوت. وردەوردە هێز و وزەی گەنجێتیم دەتوایەوە. پاشان تووشی نەخۆشیی سیلیش بووم. چەند کەسێک لەو کەسانەی به شێعرەکانمەوە دەیانناسیم، هەوڵیان دا و گواستیانمەوە بۆ ئاسایشگایەکی جیبەلی لوبنان. ئاسایشگاکە نەخۆشخانەی بەرپرسان و پەیڕەوی کڵێسەی کاتۆلیک بوو و لە ژێر چاودێریی ڕاهیب و قەشەکاندا بەڕێوە دەچوو. لەگەڵ هەندێ کەسی هاودەردی دیکه لە نهۆمی ژێرەوەی نەخۆشخانەکەدا لە سەر جێگه کەوتم، شۆرباوی وشتر بخۆ و نزای مەسیح بکە. ماوەی دوو ساڵ و بڕێک له نەخۆشخانەکە مامەوە. خودای گەورە دەفەرمووێ: «عسى أن تكرهوا شيئاً وهو خير
لکم.» واتە ڕەنگه شتێکتان پێ خۆش نەبێ و کەچی خێر بێ بۆتان. نەخۆشخانەکە خاوەن کتێبخانەیەک بوو که هەزاران بەرگ کتێبی بەسوود و باشی تێدا بوو و خوێندنەوەی ئازاد بۆم دەستی دابوو و، دەی کوێر چیت دەوێ؟ دوو چاوی ساخ! لەو ماوەیەدا خۆم به ئەدەبیاتی کۆنی عەرەب و مێژووی ڕابردووان و کتێبە ئایینییەکان ڕاهێنا و لەڕاستیدا تەواو بوومە عەرەب. هەر کە گەڕامەوە بەغدا، هێندەی پێ نەچوو توانیم خۆم وەک عەرەبیزانێک بسەلمێنم و پاش ماوەیەک له ئاکادێمیی «المجمع
العلمی» وەرگیرام. پاشان کوودەتا کرا. ڕژیمی فەیسەلی نەما. عەبدولکەریم قاسم دەستی به سەر تەختی دەسەڵاتدا گرت. بەعسییەکان جێگەیان گرتەوە و کوشتیان و بڕییان و گرتیان و کارێکیان کرد شیمریش لە ئاستیان پیاوچاک بوو. زوڵم و ستەمی بەعس بەرانبەر خەڵکی عەراق و بەرانبەر نەتەوەی کورد بەتایبەت وەها زۆر بوو که لە نووسین و وتن نایە. عەرەب دەڵێ: «ئەوەی لە گرفتەکانیدا پەنا بەرێتە بەر عەمرۆ، وەک ئەوەیە لە گەرما پەنا بەرێ بۆ ئاگر.» زانیم که ئەم مەسەلە ڕێکی حاڵی منه، لە گەرما هەڵاتووم و پەنام بردووەتە بەر ئاگر. پێشمەرگە قارەمانە خوداناسەکانی کورد دژی زوڵم و کوفر و ستەمی بەعس سەریان هەڵدا، منیش هەر خێرا تێکەڵیان بووم و به ڕۆژ تفەنگ به شانەوە و به شەو قەڵەم به دەستەوە له چیا بەرزەکانی کوردستان شان به شانی هاوسەنگەرەکانم دژی دەسەڵاتی زۆردار و بێدادی بەعس شەڕم کرد. بەعسییەکان دەستیان بە سەر ماڵ و داراییەکدا گرت لە بەغدا هەمبوو و بەرهەمی سی ساڵ ماندوبوونم بوو و ژن و منداڵمیان به پێی پەتی ئاوارەی سەحرا و بیابان کرد و سەعدی وتەنی لە جێگەی نەرمەوە تووشی خۆڵەمێشی گەرمیان کردین و موقەددەری پەروەردگار وا بوو گوایە ناهەق زەفەر بە سەر هەقدا بەرێ. کورت و پوخت، نه زانکۆم دیتووە و نه پێگە و پلەیەکم بووە که به دوکتۆر بانگم بکەن و ئەگەر به پێی پیتی ئەبجەد ڕیزم کردوون و ئەگەر وشەی ئیستعمالم به کار هێناوە، ئەمانەتداری و پاراستنی بەرهەمی نووسەر بووە لە وەرگێڕانەکەمدا. هەرچی لە قانووندا
نووسراوە بەبێ زیاد و کەم وەرمگێڕاوە و ئەگەر تەبیبی ڕووەکناس بووایەم لەوانەیە لە خۆمەوە هەندێ شتم پێوە زیاد کردبایە. یەک لە هاووڵاتییانی کرمانی نووسیویە که «نازانم خۆت پێ بەختەوەرە یا بێبەخت، بەڵام به هۆی ئەو خزمەتەی به هاووڵاتیانت کردووە، به لای منەوە بەختەوەری.» هاوڕێی بەڕێز، لە کتێبەکاندا گەلێک بابەت سەبارەت به بەختەوەری هەیە، بەڵام من وەک خۆم بەختەوەری به ئاسوودەیی ویژدان دادەنێم، چون ویژدان چاودێریی خوداوەندە. دەوڵەمەندێک که ویژدانی ئاسوودە نییە، بێبەختە و هەژارێک که ویژدانی ئاسوودەیە، بەختەوەرە. هیوادارم ویژدانم ئاسوودە بێ. زانایەکی تەبیب یا تەبیبێکی زانا گەورەیی نواندووە و فەرموویە «هەژار، بڵێ بزانم، چی وای کرد قانوون وەربگێڕی؟» قوربان، وەک پێشتریش وتوومە، لە کارێک دەگەڕام و ئەمەم به قسمەت بوو. بەڵام هێندەی پێ نەچوو هەندێ هۆکاری دیکەش هانیان دام. ئیزن بفەرموو با چیرۆکەڵەیەک بگێڕمەوە: عەرەبێکی بیابانگەڕ لە خێوەتی شێخدا سوێندی خوارد لە دنیادا لە حەلاوە شیرینتر نییە. حەلاوە جۆرە شیرینییەکە لە خورما ساز دەکرێ. وتیان حەلاوەت خواردووە؟ وتی نا. بەڵام حەمەدی ئامۆزام کاغەزێکی لێستووەتەوە گوایە حەلاوەی تێوە پێچرابوو. هەزران ساڵه ئێمه به سەر شێخولڕەئیس ئیبنیسینادا هەڵدەڵێین و به مایەی فەخر و شانازیی خۆمانی دادەنێین، کەچی ئەگەر بڵێن ئاخۆ بەرهەمەکانی ئیبنیسیناتان خوێندووەتەوە، وەڵامەکەمان هەمان وەڵامی ئامۆزاکەی حەمەد دەبێ. دەڵێین ئورووپاییەکان ڕێز لە شێخولڕەئیس دەگرن و به
گەورەی دادەنێن. ئورووپا کاکە، ئورووپا! ویستم ئێرانییەکانیش چێژ لەو حەلاوە شیرین و تایبەتە بەرن که له قەنادیی ئیبنیسینا هاتووەتە دەرەوە و چیدی کوتەکاغەزی ئورووپاییەکان نەلێسنەوە. دەی چێشتبێیان یا نا، به تۆ چی؟ دوکتۆر گیان، خوداش دەزانێ و من و تۆش دەزانین که زۆربەی پزیشکە لێهاتووەکان لە پێتەخت دەژین و خودا بەرەکەتیان لێ نەستێنێ، ماڵوحاڵ و ژیانێکیان هەیە سەیر! ملیۆنان پیاو و ژن و منداڵی کەلاوەنشین و دێهاتی لەم مەملەکەتەی ئێمەدا بەر لەوەی دەستیان به پزیشک ڕابگا گیانیان دەردەچێ و ئەگەریش هەڵکەوێ و دەستیان به پزیشک ڕابگا، دەبێ دارونەداریان بدەن و جا لە نەخۆشیش نەمرن، لە نەداری دەمرن. حەزم دەکرد خەڵکی سادەی گوندنشین له تایبەتمەندیی ئەو گیاوگژه باش و ساڕێژکەرانە ئاگادار بکەمەوە که له کۆڵان و بان و حەوشەیان دەڕوێن و بەم شێوەیە خۆیان هەندێ لە نەخۆشییەکانیان چارە بکەن، خۆ که ئەگەر سوودی نەبێ، زیانیشی نییە. که ئیدی لە ڕەنجی سەفەر و مەترسیی نووسینگەی بەزریقەوبریقەی هەندێ پزیشکی هەلپەرستی پارەپەرستی ماڵوێرانکەر لە ئاماندا بن. شێخولڕەئیس سەبارەت به چارەسەریی گوێ دەفەرمووێ: «هەندێ لە پزیشکان گوێی چڵککردووی بەژان به لەتە دەئاخنن و نەخۆش ڕادەسپێرن لە سەر گوێ ساخەکە بخەوێ. پاش ماوەیەک چڵکەکە دەبێتە دەمەڵ و هەڵدەمسێ و ئەمجارە به نەخۆش دەفەرموون که تاکە ڕێگەی چارەسەر، نەشتەرگەرییە. دیارە ئەم دەستە پزیشکانه فریوکار و حوققەبازن و تەنیا دەیانەوێ نەخۆشی چارەڕەش بڕووتێننەوە. من
وەرگێڕانی قانوونم پێ خزمەت به چەوساوەکانه و لەگەڵ سەعدی هاوڕام که دەفەرمووێ: «عیبادەت تەنیا خزمەتی خەڵکە.» فەرموویانه: «هەژار، لات وا نەبێ تەنیا تۆی که وەرگێڕانی قانوونت لە دەست دێ، له هەموو زەمەن و سەردەمەکاندا عەرەبیزانتر لە تۆ هەبووە و دەبێ. من خۆم لە تۆ باشتر عەرەبی دەزانم و تەبیبیشم و به ئاسانی دەمتوانی کارەکە ئەنجام بدەم.» قوربان، کریستۆف کۆلۆمب کاتێک لە سەفەرە بەناوبانگ و پڕمەترسییەکەی گەڕایەوە، شاژنی ئیسپانیا میوانییەکی بۆ بەڕێوە برد. پیاوانی دەربار که لە میوانییەکەدا بوون، به گاڵتەوە وتیان: ئەو کارەی تۆ کردت شتێکی وا گرینگ نییە، هەموومان دەزانین دنیا خڕە و لە هەر لاوە بڕۆی، لەولاوە دێیەوە. شاژن داوای وەڵامی لە کریستۆف کۆلۆمب کرد. ئەوێس دەستی دایە هێلکەیەک و دای به یەک لە پیاوەکان و وتی ئەمە لە سەر تیژاییەکەی ڕاگرە. بۆی نەکرا. هێلکەکە دەورێکی به سفرەکەدا لێدا و کەس بۆی ڕانەوەستا. وتیان بۆخۆت ئەگەر دەتوانی بیکه. کریستۆف کۆلۆمب بنی هێلکەکەی لە مێزەکە ڕاکێشا، وا که هەر بنەکەی شکا و پاشان لە سەر مێزەکە ڕایگرت. هەمووان پێکەنین و وتیان ئێمەش دەمانزانی. وتی بەڵێ دەتانزانی، بەڵام نەتانکرد. من دەمزانی و کردم. زانینی بێ کردەوە به کاری چ دێ؟ وەسەلام. سپاس خوێنەری ئازیز که به پێشوازیت لەم کارە، زیاتر هانم دەدەی و ئەگەر خودا بیهەوێ و تەمەن بەردەوام بێ، هەر پێنج بەرگی قانوون وەردەگێڕم و پێشکەشتانی دەکەم. به پێویستی دەزانم سپاسی ئەو کەسانە بکەم لەم ڕێگەیەدا هانیان داوم و
یارمەتییان کردووم. کتێبی سێهەم لە ڕووی لاپەڕە و قەبارەوە لە کۆی دوو بەرگی یەک و دوو زیاترە و بۆیە پاش ڕاوێژ لەگەڵ هاوڕێیان کردمانه دوو بەش، به تەمای خودا بەشی دووهەمیش که به سەردێڕی گەدە دەست پێ دەکا، بەمزووانە بڵاو دەکەینەوە و لەگەڵمدا دوعا بکەن که خوداوەند ورەیەک وەبەر چاپەمەنیی سرووش بنێ که زووتر
کارەکە به ئەنجام بگەیێنێ. عەبدولڕەحمان شەڕەفکەندی - هەژار

Monday Mar 31, 2025
Monday Mar 31, 2025
در این اپیزود داستان ترجمه قانون در طب ابوعلی سینا رو میشنویم، که توسط ادیب کورد ابدالرحمان شرفکندی متخلص به هژار انجام شده. و میشنیم ممکن بود این اثر ارزشمند به نتیجه نرسه و ترجمه نصفه کاره باقی بمونه.

Sunday Dec 08, 2024

Thursday May 23, 2024
Thursday May 23, 2024
جەعفەرقولی زەنگەلی
لە پێکگەیشتنەوەی ئەمجارەدا، باسی شاعیرێکی کوردی کورمانجی خۆراسان دەکەین بە ناوی جەعفەرقولی کە بە مەزندە ساڵی 1805ی زایینی، واتە دەوری 220 ساڵ لەمەوبەر لە دایک بووە و پاشی 92 ساڵ ژیان، لە 1897 کۆچیدوایی کردووە. ئەم پیاوە بە ڕەبەنی ژیاوە و کەسی لەدوا بەجێ نەماوە.
ڕاستە وەک شاعیر باسی دەکەین، بەڵام گەڕۆک و مۆسیقازان و دەنگخۆش و دووتارژەنێکی لێهاتووش بووە. هەرچەند هیچ شتێکی لێ تۆمار نەکراوە، بەڵام بەسەرهات و هۆنراوە و گۆرانی و هەوای سینگ بە سینگ پارێزراون. هونەرمەندان و شارەزایانی مۆسیقای کوردیی خۆراسان هەوا و مقامات و شێوازی دووتارژەنیی ئەویان بە ساغی پاراستووە، بەڵام بێگومان بەستە و هۆنراوە و دیوانی شێعر تا نەنوسرێتەوە لە مەترسیی فەوتان ناخەلەسێ. ئەوە بوو کە مامۆستا کەلیموڵڵا تەوەحودی بەشێکی تەمەنی پڕبەهرەی خۆی بۆ تەرخان کرد و لە سنووری تورکمەنستانەوە تا سەرەخس، دێ بە دێ و هەوار بە هەوار و ڕەشماڵ بە ڕەشماڵ گەڕا و ئەوەی لە بیر و هزر و سینگی پیر و کاڵ و بەساڵاچووانی کورمانجدا مابوو، لە دوا دەرفەتدا تۆماری کرد و ساڵی 1369 لە مەشهەد، واتە نزیکەی سەدەیەک دوای مەرگی شاعیر، بە ناوی «دیوانی جەعفەرقولی زەنگەلی» چاپ و بڵاوی کردەوە.
بەڵام بۆ ئەوی بزانین کوردان لە خۆراسان چی دەکەن و چلۆن و بۆچی دوو هەزار کیلۆمەتر لە ماڵی خۆیان دوور کەوتوونەوە، پێویستە زۆر بە پەلە و لە حەوسەلەی ئەم بەرنامەیەدا چاوێک بە سەر ئەم مێژوویەدا بخشێنین و بچینەوە سەر باسی جەعفەرقولی و شێعر و هونەر و غەمی شیرینی ئەوین.
لە ساڵانی سەرەتای هاتنە سەر حوکمی بنەماڵەی سەفەوی لە ئێران، کە دەگەڕێتەوە ساڵی 1502ی زایینی و 520 ساڵ لەوەی پێش، لە چەند قۆناغێکدا و بە پێی پلانێکی پێشتر داڕێژراو، دەوری 50 هەزار بنەماڵەی کورد لە ماڵ و گوندی خۆ هەڵکەندران و بە کۆچێکی زۆرەملی لە ڕۆژئاوای ئێرانەوە ڕاگوێزی ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە پان و پۆڕە کران و لە کەس و کار هەڵبڕان و ئیدی چجار نەگەڕانەوە. هۆی ئەم کۆچدانە گەلێک مەبەستی لە پشت بوو کە ئێرە جێی باسی نییە، بەڵام گرینگترینیان پاراستنی سنوورەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئێران بوو لە بەرامبەر ئەو «ئوزبەک» و «تورکمان»انەی کە هەراسیان بە ئێران هەڵگرتبوو و دەوڵەت دەرەقەتیان نەدەهات. ئەوە بوو کە کوردیان وەک نەتەوەیەکی ئازا و دەستکەرەوە بۆ کردنە لەمپەر و دیوارێکیان لە پێش هەڵچنین لە دیواری چین قایمتر.
ئەم 50 هەزار بنەماڵەیە، هەر خۆیان بە تەنیا نەڕۆیشتن، بەڵکوو «زمان، جلوبەرگ، داب و نەریت، مۆسیقا، فۆلکلۆر، و تەنانەت ناوی گوند و شاخ و دۆڵ و کانی و مووچە و مەزراکان»ی خۆیشیان لەگەڵ خۆ برد و تا ئێستای حازری پاراستیان! کوردانی خۆراسان پاشی پتر لە پێنج سەدە، هێشتا خۆیان بە غەریب دەزانن و لە گۆرانییەکانیاندا لە «دەردی جودایی» دەدوێن. [دەردی جەدایی-شەهلا جیریستانی]
«گولیل» ئەو کوێستانە بەناوبانگەیە، که دهکهوێته باکووری شیروان و دیوی لای ئێرانی ئهو زنجیره چیایه دهگرێتهوه که «سهرپۆشی لووتکهیان بهفری زۆر سپییه و ئاسمانی شینیان له باوهش گرتووه». ئهم دیواره زهمهنده، هێڵی سنووری تورکمهنستان دهکێشێ و ئهودیوی ڕووی له «عیشقاباد»ه. گولیلی خهیاڵاوی، داپۆشراوی داری «مهرخ»ه، که سهوڵێکی خۆڕسکه و دهستی هونهرمهندی سروشت تایبهت بۆ ئهم مهڵبهندهی کێشاوه. هاوینان هۆبه و ڕهشماڵی خێڵاتی «بیچهران» و «میلان» و «شێخهمیر» له داوێنه بژوێنهکان و پاناوکه زهنوێرهکان، وهکی پنگه و ڕهشهڕیحانه، له دهم جۆباری بهفراو ڕێچکه دهبهستن و به کاری ئاژهڵدارییهوه خۆیان دهبنه بهشێک له تابلۆی سروشت.
ئێستا، یازدە شار و دوو هەزار گوند و حەشیمەتێکی دەوری دوو میلیۆن کورد لەم ناوچەیە دەژین کە زمانێکی پاراو و پوختیان هەیە و بە سەدان شاعیر و نووسەر پێی دەنووسن و لە کتێب و گۆڤارەکانیاندا دەکاری دێنن، مۆسیقای ڕەسەن و دەوڵەمەندیان هەیە کە لە سەرانسەری خۆراسانی گەورەدا حوزووری زیندووی هەیە، ناوی شوێنەکانی پێشووی خۆیان لە سەر شوێنی تازە داناوە و بەم کارە نەیانهێشتووە پێوەندییان لەگەڵ هەست و فەرهەنگ و جوغڕافیای پێشوو بپسێ، لە فۆلکلۆر و بەستە و مقامەکانیاندا باکووری خۆراسان به «غهریبستان» ناو دهبهن و له قهباڵه کۆنهکان و بهڵگهنامه مێژوویییهکانی خۆیاندا زۆر جار به «کوردستانی خۆراسان»ی دەنووسن. ئێستاش دایکانی کورمانجی خۆراسان لە «لۆرە»کانیاندا بە هەوای شنە و بە لایلایەی کوردی بێشکە ڕادەژێنن. [لۆرە-بانوو شیروانی]
جەعفەرقولی کوڕی «مەلا ڕەزاقولی» و لە تایفەی «ئوجاق» لە گوندی «گووگان»ی سەر بە شاری «قووچان» لە دایک بووە. هەر بە منداڵی باوکی دەمرێ و سێوی دەکەوێتەوە و لە بێکەسیدا مامی وەخۆی دەگرێ و ئاگاداری لێ دەکا. ئوجاق نازناوی هەندێ بنەماڵەی بەڕێز و خۆشەویستی جەماوەرن کە ودمی شفا و بەجێهێنانی حاجەتی نیازمەندانیان هەیە و وەکی ماڵ و خێزانێکی پیرۆز خەڵک پەنایان بۆ دێنن و گرێ و گۆڵی ژیانیان دەبەنە لا.
جەعفەرقولی منداڵێکی زیرەک و وریا بوو و لە خوێندنگە نەریتییەکانی سەردەمی خۆیدا کە تایبەت بە قورئان و دەرسی دینی بوون، دەیخوێند و پاشان بۆ درێژەی خوێندن ڕۆیشتە قووچان. تازه خهریک بوو مهرزاکانی مێرمنداڵی جێدههێشت و پێی دهنایه پێدهشتهکانی گهنجییهوه، که لاولاوی ئهوین له پێوه تا سهر تێیئاڵا و ڕفاندی بۆ دنیایهکی تر. ئیدی ههموو شتێک کهوته گرهوی ئهوینی ئهو کچه کورده نهشمیلهی که ناوی «ملواری» بوو.
دلێ من برییە، ئەو ملواریێ مەحبووب
ئەز لێ بوومە تالب، ئەو بوویە مەتلووب
وە مرادێ یوسف، وە سەبرێ ئەییووب
یا زولەیخا یاکوو سەورێ دەخازم
ئەز لاچینم، ئەو تاووسا خۆش خەرام
ئەز مەجنوونم، ئەو لەیلایێ گولئەندام
حەق دوورکی یارێ، من ژە ئیبن سەلام
یا لەیلییێ خا یا سەورێ دەخازم [ئەرمان یارێ-فەرامەرز ڕۆستەمی]
ئیدی دەست لە خوێندن هەڵدەگرێ و لەمەودوا بە شوانی دەژی و لە داوێن و پێدەشت و لاپاڵی کوێستان تاک و تەنیا تێکەڵ بە سروشت دەبێ. زۆر جار لە خەیاڵەکانیدا تارمایی ملواری دەبینێ و لەگەڵی دەدوێ. تەنانەت جارێک لە دم کانی، پەرییەک لە بیچم و شێوەی ملواریدا جامێک ئاوی دەداتە دەست و پێیدەڵێ «ڤییا بکە نووشی جان!» جەعفەرقولی دەپرسێ: تۆ کێی؟ پەری دەڵێ: «ئەزێ ملوارییێ تەمە!» ئیدی جامەکە بە سەریەوە دەنێ و دەبێتە «بەخشی» و «خۆبەند». پێوەندی و هێزی ئەوینی ئەو ملوارییە نەدیو و پەریئاسایە ئەوەند بەهێز دەبێ کە ملواریی ڕاستەقینە لە بەر چاوی جەعفەرقولی دەسڕێتەوە.
«بەخشی» وەکی بەیتبێژەکانی ئێمە بەو کەسانە دەڵێن کە بەهرەیەکی مۆسیقا و دەنگبێژیان هەیە و خەڵک بڕوایان وایە کە ئەم بەهرەیە «بەخشش»ێکی نادیارە و دەدرێ بە هەندێ کەسی تایبەت و هەڵبژاردە. «خۆبەند»یش کەسێکە بە کەلامی سێحراوییەوە بەند و بەستە و هۆنراوەی ناسکی وا دەهۆنێتەوە کە شاعیرانی ئاسایی لە توانایاندا نییە. کە بەو پلەیە دەگا، ئیتر دەست لە شوانیش هەڵدەگرێ و بە سامانی هەگبە و دووتارێکەوە عەوداڵ دەخولێتەوە.
جەعفەرقولی سەرەڕای قەناعەت و دەروێشییەکەی، خاوەن ڕێز و حورمەتێکی گەورە بووە لە کۆمەڵگای خۆیدا. بەهرەی یەکەمینی لە مۆسیقا و ئاوازدانان و ژەنینی دووتاردا خۆی نواندووە؛ بە چەشنێک کە هەواکانی جەعفەرقولی لە سەرانسەری خۆراساندا وەک خۆی ماون و لێهاتووترین مامۆستایان و بەخشیانی ناوچەکە پشت بە پشت ڕایانگرتووە و لە خەوش و زیانی زەمان پاراستوویانە. هەروەها شێوە ژەنینی دووتاری خۆی هەیە کە شاگردەکانی ڕاستەوخۆ لێیان وەرگرتووە و بە هەمان شێوە و شێواز لە لایەن بەخشییەکانەوە تا ئێستا پارێزراوە.
دوایین کهسێک که به سۆراغی جهعفهرقولی زانیبێ، پیاوێکی دانیشتووی گوندی «گوگان» بوو که دهیگوت: بهیان تازه ئهنگوتبوو، جهعفهرقولی له ئاوایی دهرکهوت و له گردی بهرماڵان تێپهڕی. تا گهیشته تیرهگی چیا چاوم ههر لیێ بوو. مژێکی خهست وهکی ڕنوو خهریک بوو له لووتکه دادهگهڕا. جهعفهرقهلی و مژ گهیشتنه یهک و تێکدا توانهوه.
ئیدی کهس به مهنزڵی نهزانی. ههوارچییان جارجار له شیو و دۆڵی کوێستانه به سامهکانی شایجان و ههزارمهچیت دهنگدانهوهی دووتارێکیان دهبیست که له نهغمهی ئاسمانی دهکرد. له دهروازهی مژهکهی تیرهگی چیاوه جهعفهرقولی بووبه ئهفسانهیهکی نهتهوهیی. نهنک و باپیرهکان که داستانی ئهوینی جهعفهرقولییان بۆ نهوهکانیان دهگێڕایهوه، دهیانگوت: دووتاری له ئاسمانهوه بۆ هاته خوار. ههروهها دهیانگوت: ئهو نهمره و چجار تامی مردن ناچێژێ، چونکه یهک لهو چهند کهسهیه که به کانیی ژین دهزانن و ئاوی حهیاتیان لێ خواردووهتهوه.
شەوێ چووی وە خەوێدا دانە من وێ دووتارێ
شەڤێ ئاخر چارشەمی، کەتم وە وێ ئازارێ
من گەڕاندم شەهر وە شەهر، برنە خیوە و بوخارێ
پەردە هاتە هلانین، من دی ڕووی گولئوزارێ
مینا لێ وێ سەنەمێ، نەدی لە توو دیارێ [لۆ-بێکەلام]
له ڕاستیشدا: جهعفهرقولی زهنگهلی لهو دووروڵاته، ئهستوونێکی بههێزی زمان و فهرههنگی کوردییه و ئێستاش زیندوویه و ڕوحی ئهو به سهر چیاکانی «کیسمار، سالووک، بووزان، کوڕ شوان، دووچهنگ و ماسینۆ»دا دهگهڕێ و نیگهرانی ههزاران ملوارییه. ئەو، سەری خۆی هەڵدەگرێ و وەک پەپوولەپایزەیەک بە دەم باوە نەرم و سووکباڵ دەفڕێ و سنوور ناناسێ. تورکمەنستان، ئوزبەکستان، تاجیکستان، ئاران و قەفقاز دەبینێ و لە هیند و ئەفغانستان و میسر و عێراق و شام دەمێنێتەوە و لە سەر بەهرەی زانست و ئەدەب و مۆسیقای خۆی زیاد دەکا.
هەرچی فکر دەکرم ئەز ل ڕوویێ جهانێ
پرس دەکرم لە خەلکێ، کوللی ڕازێ نهانێ
دەخازم کوهەنسالەک ئەز ژە ئەهلێ زەمانێ
تاکوو ژە وی پرس کەرم، ژە گەردشێ دەورانێ
ئاخر ڕۆک دەوی خەلکۆ، کوللی پەشیمانن هوون
سەرێ خا هوون هەلینن، جارەکێ هوون نەزەر کەن
هەرنە دیارێ قەوران، جارەکێ هوون گوزەر کەن
باتل فکرێ ڤی دونیا ژە سەرێ خا وەدەر خەن
ئەگەرچی ڤی جهانا گشتی زیر و زەبەر کەن
ئاخر ڕۆک دەوی خەلکۆ، پوور و پەشیمانن هوون [قەیتانی]
جەعفەرقولی لە درێژەی زەمان و لە فەرهەنگ و بیروبۆچوونی کوردانی باکووری خۆراساندا، وردە وردە بووەتە کەسایەتییەکی ئەفسانەیی. هەر لە بەرزاییەکانی «شایجان» و «هەزار مەچیت» و دارستانە «مەرخ»ە خۆڕسکەکەی کوێستانی «گۆلیل»ی پەنا عیشقابادەوە تا دەگاتە دەشتایییەکانی سەرەخس، کە هەواڵی جەعفەرقولی بپرسی، پیروکاڵی کورمانج بە تاسەوە بەسەرهاتی کەسێکت بۆ دەگێڕنەوە کە سیمای تەڵخی کەوتووەتە جەغزی خەرمانەیەکی نوورانی و لە پشت تۆڕی هەورێکی سپیدا بە حاڵ خۆ دەنوێنێ. تا نزیک سەردەمی ئێمەش زیارەتکەرانی قسن و بارەگا پیرۆزەکان کە لە دوور و نزیکەوە دەگەڕانەوە، بە ڕاشکاوی دەیانگوت چاویان بە جەعفەرقولی کەوتووە.
ئێستاش شوانەکان کاتێک لە نسار مێگەل مۆڵ دەدەن و بە دەم چالێنانەوە وچان دەگرن، بە نەوای شمشاڵ و قوشمە و دووتارەوە شێعرەکانی جەعفەرقولی دەچڕن.
دیسا غەمێ ئەسەر کر، ل ڤی دلێ حەزینە
شۆعلێ ئیشقێ سەر کشاند، شەوتاند قەلب و سینە
تا من جارێ نەزەر کر، ل وێ یارێ مەتینە
عەقل و دین ژە من ئستاند، ئەز کرم زار و دینە
ڤا ڕازێ منی پەنهان، ل خەلکێ بوو یەقینە
یەعقووب نەووم، چما بووم بەیتولحەزەن نشینە
ژە فەراقێ یوسفێ شەمس و قەمەر جەبینە
خهلکۆ له من عهیو مهگرن، موشکل کاره کارێ دل
چهل قهتهر نێر و مهیا، ناکشینن بارێ دل
ژه مهشرق تاینه مهغرب، دشهوتی نارێ دل
تو دهریا و دهریاچه، خهڤا ناکه ئارێ دل
بیچارە وو ئاوارە، بیقەرارم ژە دەس دل
جەعفەرقولی دەست باڤێ، داوێ مەدەدکارێ دل
ملواریێ دل ژە من بر، نکا ل قەسدێ دینە [جەعفەرقولی-بانوو شیروانی]
هەر بە دوای ئەفسانەی نەمریی جەعفەرقولیدا، مامۆستا کهلیموڵڵا تهوهحودی له پێشهکیی دیوانەکەدا شتێکی ناسک دەگێڕێتەوە: «شهوی 2ی سهرماوهزی ساڵی 1369 بوو. سهعات 11ی شهو له کاری دیوانی جهعفهرقولی بوومهوه که نۆزده ساڵ لهمهوبهر دهستم دابوویه. ههموو کارهکانی کرابوو و سبهی دهدرایه دهستی چاپ. ههستم دهکرد بارێکی قورسم له سهر شان لاچووه. سووک و ئهرخهیان له جێ خزام و خهوم لێکهوت. له خهونمدا ههواڵی هاتنی جهعفهرقولییان پێدام. چاوهڕوانی بووم که وهژوور کهوت. لاوێکی کهڵهگهتی ڕهنگ ئهسمهر که تازه خهتی دابوو. ئاتهگی چۆغه کوردییهکهی له سهر ئهژنۆی بوو. کڵاوێکی مهرهزی سپی له سهر و جووتێک کاڵهی چهرمی له پێدا بوو. پاشی بەخێرهاتن کردنی گوتم: بیروڕاتان سهبارهت به کارهکهم چییه؟ مات و لهباڵهخۆدا بوو. به ئارامی گوتی: (مالێ ته سا مهرا کانییهکه کو دهکهلی) واته: (ماڵی تۆ بۆ ئێمه کانییهکه دهجۆشێ). که وهخهبهر هاتم، سهعات سێونیوی بهیانهی 3ی سهرماوهز بوو. دیوانهکهی جهعفهرقولیم هێنایهوه بهر دهستم. له سهر ڕووبهرگی هەموو کتێبەکانم ناوی خۆم بە (کهلیموڵڵا تهوهحودی - ئۆغازی) دەنووسی. لە سەر ڕووبەرگی دیوانەکەش هەر وام نووسیبوو. وشهی (ئۆغازی)یهکهم پاک کردهوه و کردم به (کانیمال)».
ئهوه دیاریی وهلی دێوانهی خوراسان بوو که پتر له دووسهد ساڵ بهر له ئێستا، له گوندی «گوگان»ی ناوچهی «ههزارمهچیت»ی باکووری خوراسان لهدایک بوو. کوردانی کورمانجی خۆراسان بە نیشانەی ڕێز و ئەمەگداری، پەیکەرەی ئەم شاعیرەیان لە گۆڕەپانێکی شاری شیروان دامەزراندووە و هەموو ساڵێ لە ڕۆژی 15ی بانەمەڕدا کۆ دەبنەوە و شاعیران بە شێعر و نووسەران بە وتار و هونەرمەندان بە بەرهەمە هونەرییەکانیان یادی دەکەنەوە.

Friday May 10, 2024

Tuesday Mar 12, 2024
Tuesday Mar 12, 2024
گۆرانی (یاران وەسیەتم ئەمە بێ لاتان) و هەروەها ئەی (شەمی شەوان) و دەیان ئاواز و شێعری دیکەتان بیستووە کە ناوی شەمی تێدایە؟ ئەم ئێپیزۆدە باسی بە سەرهاتی ئەم شاعیرە دەکە، بە زمانێکی ئاوێتەی تەنز

Wednesday Feb 07, 2024
Wednesday Feb 07, 2024
نووسین: ئەڵەین دو باتن، وەرگێڕ: مەسعوود تەهازادە خوێندناوە: پەیام حیسامی
ئەم کتێبە ڕۆمانێکی داستانی، دەروونناسانەیە کە دو باتن تێیدا بە سەرنجەوە لە وردترین ڕووداوەکان، لە ئاشنابوونی دوو کەسەوە لە فڕۆکەیەکدا تا یەکترناسین و پێوەندییان ورد دەبێتەوە و تاوتوێی دەکا.
ئەڵەین دو باتن نووسەر، فیلسووف و وتاربێژ، لە سویس لە دایک بووە و لە زانکۆی کەمبریج لقی مێژوو و لە هاڕوارد فەلسەفەی خوێندووە.
دو باتن لە بوارەکانی فەلسەفە، کۆمەڵناسی و ئەدەبیاتی داستانیدا خاوەن چەندین کتێبە و هەروەها دامەزرێنەری ڕێکخراوی «وانەی ژیان»ە. ئەم نووسەرە وتاربێژێکی پڕکاریشە و لە زۆربەی وڵاتانی دنیا سمینار و کۆڕی بەڕێوە بردووە.
دو باتن بەتایبەت لە بابەتەکانی پەیوەست بە پێوەندیی مرۆیی قووڵ دەبێتەوە و ئەم کتێبەی کە ئێوە بڕیارە گوێبیستی بن، واتە «سەبارەت بە ئەوین»، لە توێی چیرۆکێکی ئەویندارانەدا، تاوتوێی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی لایەنەکانی پێوەندییەکی دووکەسییە. بە واتایەکی دیکە، ئەم کتێبە کە تا ئیستا زیاتر لە دوو ملیۆن نوسخەی لێ فرۆشراوە، نەک چیرۆکێکی ئەوینداریی ساده و سانتی مانتاڵ، بەڵکوو دو باتن لە ڕێی چیرۆکەکەوە هەوڵی داوە بیروبۆچوون و سەرنجەکانی خۆی لە سەر مەسەلەی ئەوین و پێوەندیی دووکەسی شی بکاتەوە.

Wednesday Jan 24, 2024
Wednesday Jan 24, 2024
کوورتە چیرۆکی پەتاتەخۆرەکان نووسراوەی فەرهادی پیرباڵ، چیرۆکی فرەیدوونە کە دوازدە ساڵ لە وەڵاتی خۆی دوور بۆ.
کاتێک کە دەگەڕێتەوە وەڵاتی خۆی تووشی بەسەرهاتی سەیر و سەمەرە دەبێ و دەبینێ کە ...

Sunday Sep 18, 2022
Sunday Sep 18, 2022
کوورتە چیرۆک بە قەڵەمی هارووکی مۆراکامی، وەرگێڕیانی مەسعوود تەهازادە و خوێندنەوەی پەیام حیسامی

Tuesday Jul 19, 2022
Tuesday Jul 19, 2022
بخش فارسی رادیو باش
در بخش فارسی رادیو باش قرار بر این گوشه های از فرهنگ مردم کُرد معرفی شود
در این قسمت درباره روایت هایی از سرچشمه مردم کرد برای شما بازگو خواهد شد
در این قسمت از این موسیقی ها استفاده شده
#Mazhar_khaleghi damagri
#behram_dehghanyar (madarbozorge)
#Tara_Jaff Qaflachy
#Aras Sawar
#Haci Musa_Zeriyen_Sheshdara
#mostafamahmudi. sarokhani
#sharam_nazeri. heyrani

Radio Bash.bc
هاوڕێیانی بەڕێزی ڕادیۆ باش، هیوا دارین لەم ماڵپەڕەدا چاوێک بە بوارەکانی زمان، فەرهەنگ، مێژوو و کەسایەتییە کوردەکاندا بخشێنین
همراهان گرامی در بخش فارسی رادیو باش تلاش داریم تا زیبایی هایی از فرهنگ و هنر مردم کرد را معرفی کنیم
پەیام حیسامی
Payam Hesami